06.07. 2024
ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنی فێدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی لە دیاسپۆرا
ڕۆژی شەمە ٦ی مانگی ژوئیەی ٢٠٢٤ هاوکات بوو لەگەڵ دەسپێک و ڕاگەیاندنی چالاکیی ڕێکخراوەیەک بۆ هاواهەنگ کردن و یەکسانکردنی وانەکانی زمانی کوردی لە دەرەوەی وڵات کە لە شاری کۆڵنی ئاڵمان بەڕێوە چوو.
پێویستە بگوترێ کە ئەم فێدراسیۆنە ماوەی چەند مانگێکە لەلایەن دەستەی دامەزرێنەوەرەوە خەریکی کار و چالاکی و خۆئامادەکردن بوون بۆ خۆڕاگەیاندن کە لەکۆتاییدا لەو ڕۆژە ڕاگەیەندرا.
هەروەها پێویستە بزانرێ دەستەی دامەزرێنەری فێدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی پێک هاتوە لە ڕێکخراوەکان و مامۆستایانی قوتابخانە و ڕێکخراوەکانی زمانی کوردی لە وڵاتانی ئۆرووپایی و ئامریکا کە کۆمەڵەی کوردی ڕۆژهەڵات- ژنێڤ یەکێکە لەوان.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکە ئەو ڕێکخراوانەی کۆ وانەی کوردی دەلێنەوە لەلایەن بەڕێز شیفا بارزانی بەرپرسی کۆنفێدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییەوە خەڵات کران کە کۆمەڵەی کوردی ڕۆژهەڵات (AKRG) یەکێک بوو لەو ڕێکخراوانە.

لەو ڕێوڕەسمەدا کە بە سپۆنسەری و پشتیوانیی کۆنفێدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەڕێوە چوو؛ بەشی جۆراوجۆری لە خۆ گرتبوو کە کەوتە بەر سپاس و پێزانینی میوانان و ئامادەبوان.
هەروەها پەیامی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە لە لایەن فازڵ وەلیان نوێنەری کۆمەڵەی کوردی ڕۆژهەڵات- ژنێڤەوە پێشکەشی ئامادەبوان کرا.







