ڕۆژی جیهانیی پەنابەران ساڵانە لە ٢٠ی ژوئەن یاد دەکرێتەوە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگە سەبارەت بە بارودۆخی پەنابەران لە جیهاندا و نیشاندانی پاڵپشتی بۆ ئەو خێزانانەی ناچار کراون هەڵبێن. ساڵانە چەندەها خێزان و منداڵی بێتاوان ناچار دەکرێن ماڵەکانیان بەجێ بهێلن بەهۆی شەڕو ململانێ و زۆرداری.
کۆمیساری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران بەو بۆنەیەوە ڕایگەیاند، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا ١١٧ ملیۆن کەس لە پەنابەریدا بوون. ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢٤دا بۆ ١٢٠ ملیۆن کەس بەرز بووەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەوڵەمەندترین وڵاتە پیشەسازییەکان هەوڵ دەدەن مافی پەنابەری سنووردار بکەن.
نزیکەی ٥٨٪ی پەنابەران بە پەنابەری ناوخۆیی ناو دەبرێن کە لە سنووری وڵاتەکانی خۆیاندا بەدوای ژیانێکی سەقامگیردا دەگەڕێن. ڕێژەیەکی بەرزی پەنابەرانیش ڕوو لە وڵاتە دراوسێکانیان دەکەن کە ئەو وڵاتانەش زۆرینەیان هەژارن و بارودۆخی سیاسییان ناسەقامگیرە. تەنها ژمارەیەکی کەمیان دەتوانن شوێنێکی ئارام و سەقامگیر کە هەلومەرجی مرۆیی تێدا بێت، بۆ خۆیان بدۆزنەوە کە بەحیساب!!! سوئیس یەکێکە لەو وڵاتانە کە باشترین بەستەری بۆ پەنابەران هەبێت.
کورد وەکوو یەکێک لە نەتەوە بێدەوڵەتەکان لە ڕیزی زیانمەندترین گرووپەکاندان کە زۆرترین جار دەکەونە بەر کاریگەریی چەوسانەوە و دەربەدەری. دوایین نموونەکانیش جینۆسایدی دژ بە ئێزدییەکان لە عێراق، دەرکردنی سیستەماتیکی گەلی کورد لەسەر خاکی خۆیان لە سووریا و چەوساندنەوەی کوردان لە لایەن ڕژێمەکانی ئێران و تورکیا.
لە ڕۆژی جیهانیی پەنابەراندا، ئێمە وەکوو کۆمەڵەی کوردی ڕۆژهەڵات- سوئیس (AKRG) بە تایبەت داوا لە دەوڵەتی فێدراڵی سوئیس دەکەین کە دان بە دۆخی تایبەت و چەوساندنەوەی گەلی کورددا بنێت. ئێمە بەبیردێنینەوە کە مافی پەناخوازی لە سوئیس سەرمایەیەکی بەهاداری دەستوورییە کە هەموو پەنابەران دەگرێتەوە، بەڵام قانوونمەداران و دەوڵەتمەردانی سوئیس، چ ئەوانەی لە پەرلەمانن و چ ئەوانەش کە وەکوو کۆنسەیی دەوڵەت کار دەکەن دەبێ ڕێز و بەهاکانی وڵاتی سوئیس باشتر بگرن و سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ کە یەکێکیان مافی پەنابەرانە، ڕەچاو بکەن.


AKRG
22/06/2024بەهیوای سەرکەوتن